Skip to the content

سەفین دزەیی: حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق و رێزی زۆر لە سەروەریی وڵاتانی دراوسێ دەگرێ

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەولێر و پوولی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە و نیگەرانییەکانی تاران و ئەنقەرە روونکردنەوەی دا.

سەفین دزەیی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا دوا و جەختی لەوەکردەوە، ئەوە پرۆژەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نییە. گوتی، لە نەریتی ھەموو جیھاندایە بۆ یادکردنەوەی بۆنەیەکی تایبەت یان لە سەردانێکی گرنگدا پوولی یادگاری چاپ دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چەند گرافیستێک، دیزاینی تایبەتیان بۆ دروستکردنی پوولی یادگاری بە بۆنەی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ھەولێر وەک دیاریی پێشکێشی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرد بەمەبەستی چاپکردنیان. ھەروەھا چاپکردنی پوول چەند رێکار و یاسای تایبەت بەخۆی ھەیە و پێویستی بە بڕیاری حکومەت ھەیە. وەزیریش بڕیاری چاپکردنی ھیچ کام لەو دیزاینانەی نەداوە.

رۆژی 07-03-2021 لەکاتی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شەش پوولی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبەردەم پاپا فرانسیس نمایشکران، یەکێک لە پوولەکان وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەر بوو.

سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش رەخنەیان لە دیزاینی پوولەکان گرتبوو بەوەی تەنیا بە زمانی کوردی دیزاینکراون و زمانی عەرەبی شوێنی بۆ نەکراوەتەوە و رایگەیاند، بێگومان زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمیین لە عێراقدا و پێویست بەوە دەکات ھەردوو زمان لە پوولەکاندا شوێنیان بکرێتەوە. حکومەت بڕیاری لەبارەی پوولەکان نەداوە و دیزاینکردنیشیان لەلایەن حکومەتەوە نەکراوە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر ھەستیاریی وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە ھەرێمی کوردستانی عێراق. بەگوێرەی دەستووری عێراق، دەسەڵاتی لە سنوورێکی دیاریکراودا هەیە، پەرلەمان و حکومەتیشی ھەیە. لە دەرەوەی سنوورەکانیشی وڵاتی دراوسێی ھەیە، بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێزی زۆر لە سەروەریی ئێران و تورکیا و سووریا دەگرێت. بەھەمان شێوە چاوەڕێی رێزگرتنی ئەو وڵاتە دراوسێیانەش دەکەین بۆ سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش.

سەفین دزەیی لەبارەی رەخنە و کاردانەوەکان لە بەرامبەر دیزاینی پوولەکە رایگەیاند، "پێموایە ئەم بابەتە پەیوەندیی بە سیاسەتی نێوخۆی تورکیا ھەیە. ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن گوشار دەخەنە سەر دەسەڵات. لەوانەیە وەک کارتێکی گوشار لە سیاسەتی نێوخۆییاندا بەکاری بھێنن. ئەمە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، چونکە بابەتی سیاسەتی نێوخۆی تورکیایە، بەڵام پێشتر چەند رووداوێک روویاندا، لە رێگەی گفتوگۆکردن و دیالۆگەوە چارەسەرکران".

سەفین دزەیی باسی لەوەشکرد کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا و ئێران لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری و تەنانەت مێژووییشەوە زۆر باشن و بابەتی پوولەکە بەداناییەوە چارەسەر دەکرێت و رایگەیاند، دووپاتی دەکەمەوە ئەمە تەنیا رەشنووسی دیزاینە و حکومەت خۆی ئەم دیزاینەی دروستنەکردووە، تەنیا چەند گرافیستێک و ھونەرمەندێک وەک دیاریی پێشکەشیان کردووە.