پۆڵۆنیا کاروانێکى دیکەى یارمەتى پزیشکى پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/3 لە چوارچێوەى هەوڵەکانى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەت بۆ بەدەستهێنانى کۆمەک و یارمەتى بۆ ئاوارەو پەنابەران و یارمەتى پزیشکى بۆ رووبەڕووبوونەوەى پەتاى کۆڕۆنا لەم قۆناغەدا لە رێوڕەسمێکدا حکومەتى پۆڵۆنیا بە ئامادەبوونى باڵیۆزى پۆڵۆنیا لە عیراق و کونسوڵى گشتى ئەو وڵاتە لە هەرێم و نوێنەرانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو وەزارەتى تەندروستى بڕى سێ تەن و نیو لە کەل و پەل و پێداویستى پزیشکى پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێم کرد.
لەم بارەیەوە سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم گوتى سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ هاوکاری و پێداویستیە پزیشکییەکانی حکومەتی کۆماری پۆڵۆنیا کە پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد. پشتیوانییەکانى کونسوڵگەری گشتیی پۆڵۆنیا لە هەرێم و باڵیۆزخانە لە بەغدا و وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا بەرز دەنرخێنین بەتایبەت لەم ساتەوەختە پێویستەدا.
زیاد رەئوف نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە پۆڵۆنیا رایگەیاند، حکومەتی پۆلۆنیا و دەسەڵاتە خۆجێیەکانیان و دامودەزگا خێرخوازیەکانیان دەیان کاروانی یارمەتیان بە بارھەڵگرو فڕۆکەی تایبەتی ناردووە بۆ ئاوارەو پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و پزیشك و ئامێرو کەلوپەلی پزیشکی ناردووە وە نزیکەی 10 لە ڕێکخراوەکانیان بەردەوامن لە کارکردن لە کوردستان.
نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمیش بەردەوامە لە ھاوکاری و پەیوەندی لەگەڵیان بە مەبەستی پێدانی زانیاری دەربارەی تازەترین پێویستیەکان و یارمەتی لۆجیستی و مرۆیی.
جگە لە یارمەتیە مادییەکان پۆلۆنیا لەسەر پێشنیار و ھەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم خەڵاتی نێودەولەتی (سیرگێۆ دەمێلۆی ) بەخشی بە دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ چالاکیەکانیان لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارەکان و بۆ حسین القائدی بۆ ڕزگارکردنی ئافرەتە ئێزیدیەکان لەدەست ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.