Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێم و باڵیۆزی سوید لە عیراق باسى هەماهەنگییەکانیان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژى یەکشەممە ٢٠٢١/٥/٢٣ سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ لارس ڕۆناس باڵیۆزی سوید لە عیراق باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵیەکان و هاوکاری و هەماهەنگی دوولایەنەو بارودۆخی شنگال و دوایین پەرەسەندنەکانی سیاسی و ئاسایش لەهەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد.
باڵیۆزی سوید سوپاس و ستایشی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ نووسینگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لەهەرێم. هاوکات باسی لەکاروچالاکییەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کرد لە عیراق و هەرێمی کوردستان.
سەفین دزەیی پوختەیەکی لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و دید و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی سەبارەت بە پرسە هەنووکەییەکان خستەڕوو.