Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیى لە باڵیۆزى نوێى کۆمارى چیک لە عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی نۆڤێمبەری ٢٠٢١ سەفین دزەیى، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ پیتەر شتیپانێک، باڵیۆزى نوێى کۆمارى چیک لە عێراق کە بە بۆنەى دەستبەکاربوونى سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە، کۆبووەوە.
 لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تیشکییان خستە سەر پەیوەندییە دۆستایەتیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى چیک، هەروەها کۆک بوون کە لە ئاییندەدا، بایەخ و پەرەپێدانی زیاتر بەو پەیوەندییانە بدەن لە ئاستى کەلتوورى و زانستى و، هەروەها بازرگانى و ئابوورى و وەبەرهێنان، لەڕێگەی کونسوڵگەری گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان.
 
 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخى سیاسى و ئەمنیی لە عێراق و هەروەها پرۆسەى بەڕێوەچوونى دوایین هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى عێراق، باسی لێوە کرا.
 
 لە کۆتاییدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایى لە باڵیۆزى نوێى کۆمارى چیک لە عێراق کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و ئامادەیى فەرمانگەى دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگى زیاتر لەگەڵ باڵیۆزخانە و کونسوڵگەرى گشتیى لە هەرێمی کوردستان.