سەفین دزەیى لەگەڵ کونسوڵى گشتیى کۆمارى چیک کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە سەفین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە لەگەڵ میخایل سڤۆپۆدا کونسوڵی گشتیی کۆماری چیک کۆبووەوە، کە بەبۆنەى کۆتایی هاتنى ئەرکەکانى لە هەرێمى کوردستاندا سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کردبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسى فەرمانگە تیشکى خستە سەر هەوڵ و ماندووبوونى کونسوڵى گشتیى بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان و زیاتر بەهێزبوونی ئەو پەیوەندییە دۆستانەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان. هاوکات سوپاس و ستایشى بەڕێزیانی کرد کە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دیپلۆماسیەکان و پێشکەشکردنی هاوکاریەکانى کۆمارى چیک بۆ هەرێمى کوردستان.
میخائیل سڤۆپۆدا سوپاس و پێزانیى خۆى دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگیى کردن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ئاماژەى بە پڕۆژەکانى هاوکارى و هەماهەنگیى کردن کرد لەگەڵ هەرێمى کوردستان و هەروەها پەرەپێدانى پەیوەندیى بازرگانى و ئابوورى و دیپلۆماسى و کەلتوورى و پەروەردەیى بەشێکى گرینگى کارەکانى بوو لە هەرێمى کوردستان.
لەکۆتاییدا بەرپرسى فەرمانگە هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن و جەختى کردەوە لە پێشکەشکردنى هەمان هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ کونسوڵی نوێى کۆمارى چیک لە داهاتوودا.