جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسوڵی گشتی هۆڵەندا کۆبونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٢، دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاویکەوت بە هانس ئاکربۆم، کونسوڵی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر کە بەبۆنەی تەواوبوونی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
لە دیدارێکدا هەردوولا تیشکیان خستەسەر گرنگی بەردەوامی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بیروڕایان لەبارەی ئەو قەیرانە سیاسییانەى ئێستای بەغدا و پرۆسەی چاکسازیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ئاو ئاڵوگۆڕکرد.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی کونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر کرد بۆ ئەو هەوڵ و پشتیوانییەی هەرێمی کوردستان کە بەدرێژایی ئەرکەکەی پێشکەشیکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکەکانی داهاتوویدا.