Skip to the content

بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە (بەوەکالەت) پێشوازى لە باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژى دووشەممە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٢ ڕێبەر ئەحمەد، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە (بەوەکالەت) پێشوازى لە سوزۆکى کۆتارۆ، باڵیۆزى ژاپۆن لە عێراق و شاندى یاوەرى کرد.
 
لە دیدارێکدا باڵیۆزى ژاپۆن دوای سوپاس و پێزانینی پێشوازیکردن، ئاماژەى بە سەقامگیرى و ئارامى و بەرەوپێشچوونی هەرێمى کوردستان لەزۆر لایەنەوە کرد، هاوکات ئاماژەى بە هاوکارییەکانى ژاپۆن لە عێراق و هەرێمى کوردستان لەڕێگەى ئاژانسەکانی حکومەتى ژاپۆن و ڕێکخراوە ناحکومیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد، لە هەمان کاتدا، ڕۆڵى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کەلتورى پێکەوەژیان و قبووڵکردنى یەکترى و پێشوازى کردن لە ژمارەیەکى زۆرى ئاوارەى ناوخۆیى و بیانی بەرز نرخاند.
 
دواتر هەردوولا باسیان لە بارودۆخى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ڕووى  سیاسى و ئەمنى و  پەرەپێدانى ئابوورى و بازرگانى و بەتایبەتى سوود وەرگرتن لە ئەزموونى سەرکەوتووى وڵاتى ژاپۆن کرد، بەرپرسى فەرمانگە (بەوەکالەت) ئامادەیى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و وەزارەتى ناوخۆی دەربڕى بۆ هاوکارى و هەماهەنگیکردن لەگەڵ باڵیۆزخانە و نووسینگەى کونسوڵگەرى ژاپۆن لە هەولێر بۆ سەرخستنى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.