Skip to the content

بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە (بەوەکالەت) پێشوازى لە کونسوڵى گشتیی کۆمارى تورکیا کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژى پێنجشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢، رێبەر ئەحمەد، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (بەوەکالەت)، پێشوازى لە هاکان کاراچاى، کونسوڵى گشتیی کۆمارى تورکیا لە هەرێمى کوردستان کرد کە بەمەبەستى ماڵئاواییکردن و کۆتاییهاتنى ئەرکەکانى سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تیشکیان خستە سەر دوایین پەرەسەندنەکانى گۆڕەپانى سیاسیی عێراق و هەرێمى کوردستان و دۆزینەوەی دەرچەیەکی سیاسی بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی ناوچەکە تێیکەوتووە.

کونسوڵى گشتیی کۆمارى تورکیا سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و وەزارەتى ناوخۆ بۆ هاوکارى و هەماهەنگیکردن لە ماوەى کارکردنى لە هەرێمى کوردستان دەربڕی. 

بەرپرسى فەرمانگە (بەوەکالەت) هیواى سەرکەوتنى بۆ کونسوڵى گشتی خواست و جەختى کردەوە کە هەموو هاوکارى و هەماهەنگییەک لەگەڵ کونسوڵگەریی گشتیی تورکیا بەردەوام دەبێت و ستایشى ڕۆڵی کونسوڵى کرد لە پەرەپێدانى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.