Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (بەوەکالەت) پێشوازی لە باڵیۆزی چین لە عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، رێبەر ئەحمەد، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بەوەکالەت) پێشوازی لە سو وی، باڵیۆزی چین لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی وڵاتی چین لە عێراق، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان و سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی فەرمانگە (بەوەکالەت) پیرۆزبایی لە باڵیۆزی چین کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی لە کارەکانیدا بۆ خواست. 
لە کۆبوونەوەیەکدا، تیشکخرایە سەر ئەمن و ئاسایش و ئارامی و خۆشگوزەرانیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چینی میللی. 
هاوکات بەرپرسی فەرمانگە رۆڵی حکومەت و کونسوڵگەری چین و کۆمپانیاکانی چینیی بەرز نرخاند لە دابینکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتی قەیرانەکاندا و، هەروەها لە بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئابووری و بازرگانی لە هەرێمی کوردستان.