بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژى دووشەممە، ١٢ی کانونى یەکەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیى، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە ڤیلا ڤاریۆلا، باڵیۆزى یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق و د. تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسى نوێى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر کرد.
لە کۆبوونەکەدا بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر، باسى لە ئەرک و چالاکییەکانى خۆى لە هەرێمى کوردستان کرد و هیواى خواست لەنزیکەوە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان کار بکات. دواتر بەرپرسى فەرمانگە پیرۆزبایى خۆى لە ناوبراو کرد و هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکانى بۆ خواست و ئامادەیی فەرمانگەی بۆ هاوکارى و هەماهەنگیی زیاتر خستەڕوو.
لە تەوەرەیەکى دیکەدا سەفین دزەیى لەگەڵ ڤیلا ڤاریۆلا باسیان لە دوایین پەرەسەندنەکانى گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد. هەروەها گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیی توندوتۆڵی هەرێمى کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا و پەرەپێدانى زیاترى هەماهەنگییەکان کرا.