Skip to the content

سەفین دزەیی بەشدارى لە رێوڕەسمى ڕۆژی جیهانی پشتگیری لە گەلی فەلەستین کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-کونسوڵگەرى گشتی فەلەستین لە هەولێر، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی پشتگیری لە گەلی فەلەستین، کە دەکەوێتە ٢٩ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێک، وەک کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردبوو، رێوڕەسمێکى لە هەولێرى پایتەخت سازکرد.

لە بۆنەکەدا کە سەفین دزەیی، بە نوێنەرایەتى سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان ئامادەبوو ، نەزمى حەزورى کونسوڵی گشتی فەلەستین لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند:''ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە نوێنەرایەتی ڕۆژێکی هاودەنگییە لەگەڵ گەلی فەلەستین، هاوکات لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١١، ئاڵای فەڵەستین لە هەولێر بەرز بووەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەردوو گەلى کوردستان و فەلەستین خاوەن دۆزێکى رەوان.''
دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند:''خۆشحاڵم بەناوی بەرێز مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژەدا لەگەڵتان بەشداربم، هاوسۆزی تەواومان لەگەڵ گەلى فەلەستین دووپات دەکەینەوە.''
ئاماژەشی بەوەدا کە لە ڕۆژی جیهانی پشتیوانیی لە گەلی فەلەستین پیرۆزبایی و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین بۆ پشتیوانیکردنی فەڵەستینیەکان و دانووستان و ڕێککەوتن لەپێناو بەدیهێنان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.