Skip to the content

پەیوەندییەکانى دەرەوەی هەرێم و کونسوڵى گشتیی سعودیە پەیوەندییەکانیان تاووتوێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پێشنیوەڕۆى رۆژى دووشەممە، ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیى، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، پێشوازى لە محەممەد سلێمان، کونسوڵى گشتیی شانشینى سعودیە لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ شانشینى سعودیە کرا، بە تایبەتی کە هەرێمى کوردستان پەیوەندیی دێرینى لەگەڵ گەل و شاى سعودیە هەیە و دەشێت ئەو پەیوەندییانە بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر بەکاربهێنرێن.
هەروەها باس لە بوارەکانى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان کرا بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونى شانشینى سعودیە. لە تەوەرەیەکى ترى کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخى عێراق و هەرێمى کوردستان بە گشتى.

لە کۆتایى کۆبوونەوەکە بەرپرسى فەرمانگە بەڵێنى هەماهەنگى و هاوکاریى بەردەوامى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ کونسوڵگەریى گشتیی سعودیە دووپاتکردەوە، بە مەبەستى بەڕێوەچوونى ئیش و کارەکانیان بە باشترین شێوە لە هەرێمى کوردستان.