Skip to the content

پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە باڵیۆزى نوێى سوید لە عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە، ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیى، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازى لە جێسیکا سفاردستۆرم، باڵیۆزى نوێى سوید لە عێراق و شاندنى یاوەرى کرد کە بە بۆنەى دەستەکاربوونى، سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە، وێڕاى پیرۆزبایى دەستبەکاربوون لە باڵیۆزى سوید، هیواى سەرکەوتنى لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەیی دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستانى بۆ هەماهەنگى لەگەڵ نووسینگەى باڵیۆزخانەى سوید لە هەرێم، لەپێناو پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان پیشان دا.
هەردوولا تیشکیان خستە سەر بارودۆخى سیاسى و تەناهیی عێراق و هەرێمى کوردستان و دوایین پەرەسەندنەکانى گۆڕەپانى سیاسى. هەروەها باس لە هەماهەنگى و پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا و ئاماژە بە پەیوەندیى دۆستایەتیی نێوان هەرێمى کوردستان و سوید کرا.