بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جیرۆڵد فۆلمەر، بەرپرسی بەشی (MENA) لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و، ئۆسکار ڤوستینگەر، باڵیۆزی نەمسا لە ئوردن و عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، کە دکتۆر موستەفا ڕەمەزان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا ئامادەی بوو، باسیان لە دووایین پێشهاتی سیاسی ناوچەکە کرد و، هەروەها پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقیش تەوەرێکی دیکەی گرنگ بوو. هاوکات، تیشکییان خستەسەر پرسی کۆچ و کۆچبەران و ئاوارە و پەنابەران، پاشان پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانی و، هەروەها کلتووری و ڕۆشنبیری. هەردوولا خوازیاری ئەوەبوون کە پەیوەندییەکانی نێوانیان لە هەموو ئاستەکانەوە پەرەی پێبدرێت و بتوانن لە داهاتوودا کاری هاوبەشی زیاتر ئەنجام بدەن.
لەکۆتاییدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی شاندی میوانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و، لە هەمان کاتدا، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی نیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر.