لهسهر ئهركی سهرۆكی حكومهت، تهرمی نۆ كۆچبهر دهگهڕێندرێتهوه ههرێمی كوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە نزیک دوورگەکانی یۆنان له دەریای ئیجە و پرسی (ڕێوار)ی تەمەن ١١ ساڵ و گەڕاندنەوەی ٩ تەرم، ڕۆژی ههینی (21ی كانوونی دووهم/ یهنایهری 2022) شاندێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان ، سەردانی وەزارەتی کاروباری پەنابەر و کۆچبەرانی کۆماری یۆنانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی بەدواداچوون و دۆزینەوەی چارەنووسی قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ کرا.
ههر بۆ هەمان مەبەست لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کونسوڵی گشتی یۆنان لەگەڵ نوێنەری کەس و کاری بێ سەر و شوێنەکان کۆبووەوە و دڵنیای کردن کە حکومەتی یۆنان هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوەو لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانە، هەر لەو دیدارەدا کەسوکاری بێ سەروشوێنەکان یاداشتنامەیەکیان ئاراستەی حکومەتی کۆماری یۆنان کرد.
هاوکات کونسوڵی گشتی یۆنان کەس و کاری بێ سەرو شوێنانی دڵنیا کردەوە کە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵ لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی بەردەوام لە پەیوەندی دان و پێشتریش یاداشتنامەیەکیان لە ڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بەدەست گەیشتووە.
فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە رایدەگەێنێت کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم تەرمی ٩ لەو قوربانیانەی کە ناسراونەتەوە دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان. كه بەهۆی خراپی کەش و هەوا و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان پڕۆسەکە چەند ڕۆژێک دواکەوت.
وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاوخەمی خۆمان بۆ کەس و کاری قوربانیان و بێ سەرو شوێنان دەردەبڕین و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ سۆراخ و دۆزینەوەی تەواوی بێ سەروشوێنان. هاوکات سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ و باڵیۆزخانەی عێراق لە یۆنان و حکومەتی یۆنان و کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم و ڕێکخراوە خێرخوازەکان دەکەین کە هەمیشە هاوکارو هەماهەنگیکار بوونە لەگەڵمان.