وەزیرى دەرەوەى کۆمارى لیتوانیا سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەفین دزەیى، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە گابریلیۆس لاندسبێرگیس، وەزیرى دەرەوەى کۆمارى لیتوانیا کرد و باسیان لە پتەوکردنى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بارودۆخى کۆچبەران و چەند پرسێکى هەنووکەیی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دابان شەدەڵە جێگرى بەرپرسى فەرمانگە و دکتۆر مۆنتازس ئەدۆمیناس، بریکارى وەزیرى دەرەوەى لیتوانیا و شاندى یاوەریان بەرێوەچوو. تیایدا سەفین دزەیى، سەردانەکەى وەزیری دەرەوەی لیتوانیای بەرز نرخاند لە چوارچێوەى پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بە گشتى و یەکێتى ئەوروپا بەتایبەتى. هاوکات هیواى خواست ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا لەسەرجەم بوارەکاندا پێشکەوتنى زیاتر بەخۆیەوە ببینێ.
وەزیرى دەرەوەى لیتوانیا هیواى خواست ئەم سەردانە دەرفەتێک بێت بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و تەواوى عیراق.
لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکە هەردوولا تیشکیان خستەسەر بایەخى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لەو بوارانەى کە جێى بایەخى هەرێمى کوردستان و کۆمارى لیتوانیایە. هاوکات باسیان لە بارودۆخى ئەمنی و سیاسى و ئابوورى عیراق و هەرێمى کوردستان کرد.