Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆناس لۆڤین، باڵیۆزی سوید لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە دوایین پەرەسەندنەکانی سیاسی و ئابووری و ئاسایش لە عێراق کرد و هەروەها تیشکیان خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
دواتر باس لە کاروچاڵاکییەکانی وڵاتی سوید لە عێراق کرا، بە تایبەتی بەردەوامیی هاوکارییە مرۆییەکان و بەرنامەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق.
بەرپرسی فەرمانگە سوپاسی باڵیۆزی سویدی لە عێراق کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەی ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوید لە هەولێر، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی داهاتووی بۆ خواست.
هاوکات باڵیۆزی سوید لە عێراق سوپاس و ستایشی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی کار و چاڵاکییەکانی باڵیۆزخانە و نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوید لە هەرێمی کوردستان.