نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ١ی تەممووزی ٢٠٢٢ ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوید پێشوازی کرد لە شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید.
لە كۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ سەبارەت بە بارودۆخی هەنووکەیی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندی نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید و وەزارەتی دەرەوەی سوید کرا. لەهەمان کاتدا، تیشک خرایەسەر ڕەوەندی کوردی لە سوید و ئەو گەشەسەندنە سیاسییانەی کە لە سوید هاتوونەتە پێش.
شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید نیگەرانی ڕەوەندی کوردستانی گەیاند بە وەزارەتی دەرەوەی سوید بە هۆی ڕووماڵە میدیاییەکانەوە سەبارەت بە ئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
ئان لیندێ وەزیری دەرەوەی سوید جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی سوید نیگەرانییەکانی ڕەوەندی کوردستانی بە هەند وەردەگرێت و بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە سیاسیەکانی تر، پشتیوانی دەکەن لە بەرەوپێشچوونی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.