بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم پێشوازی لە باڵیۆزی بەنگلادش کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە فەزلول باری باڵیۆزی بەنگلادش لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر پرسە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و پرسی پێكهێنانی حکومەتی ئایندەی عێراق. هاوکات، هەردوولا بیروڕایان لەسەر هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارەکانی کلتوری و بازرگانی، هاوکات بارودۆخ و گوزەرانی کۆمەڵگەی بەنگلادشی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئاڵوگۆڕ کرد. بەرپرسی فەرمانگە، دوای بەخێرهاتنی باڵیۆز، هیوای خواست پەیوەندییە دوولایەنەکان زیاتر پەرەی پێ بدرێت و لە ئایندەشدا زیاتر کاری هاوبەش ئەنجام بدەن.