Skip to the content

سەفین دزەیى لەگەڵ باڵیۆزى شانشینى بەلجیکا له‌ عێراق کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژى یەکشەممە ١٩ ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢،  سەفین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە فلیپ فاندێن باڵیۆزى شانشینى بەلجیکا، نانیشتەجێ بۆ عێراق کرد.  
باڵیۆزی بەلجیکا سوپاسی هاوکارى و هەماهەنگى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد لەگەڵ باڵیۆزخانە بۆ جێبەجێکردنى کاروچالاکیەکانیان لەبوارى هاوکارى کونسوڵگەرى و مرۆیى. 
هەردوولا باسیان لە بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و بازرگانى و پەرەپێدانى مرۆیى کرد.  هاوکات تیشکیان خستە سەر دۆخى سیاسى عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسى پێکهێنانى کابینەى داهاتووى عێراق. هەروەها پرسى ئاوارە و پەنابەران بەشێکى ترى گفتوگۆکان بوو. 
 لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە باس لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا کرایەوە لە بوارەکانى ئابوورى و بازرگانى و بونیادنانى تواناکان بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونى شانشینى بەلجیکا.  
هاوکات باڵیۆزى شانشینى بەلجیکا گوتى ئەمە دوا سەردانمە بۆ کوردستان و زۆر خۆشحاڵبوو بۆ سەردانیکردنى هەرێمى کوردستان، بەرپرسى فەرمانگە هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست و سوپاسى هەوڵەکانى باڵیۆز کرد بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان و ئامادەیى فەرمانگەى نیشاندا بۆ بەردەوامبوون لە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ باڵیۆزخانە.