Skip to the content

سەفین دزەیی: پایتەختی هەرێمی کوردستان بەردەوام ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی تێدا بەرقەرارە

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شەوی ڕابردوو ٨ ی  حوزەیرانی ٢٠٢٢، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەسەر شەقامی هەولێر- پیرمام کەوتە خوارەوەو بەهۆیەوە زەرەر و زیان بەر چەند ئۆتۆمبێلێک و ناوچەکە گەیشت و ٣ هاونیشتمانیش بە سووکی بریندار بوون.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا سەرکۆنەی ڕووداوەکەی کرد و وتی: سەرەڕای هێرشی ترسنۆکانەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر، پایتەختی کوردستان بەردەوامە لە ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانی. هەروەها وتیشی: هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هێمای پێکەوەژیانی ئاشتیانە و چرای ڕووناکی و هیوایە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروا بەردەوام دەبێت لە ئاییندەدا. 

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتی: پێویستە ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییانە بە توندی ئیدانە و سەرکۆنە بکرێت.
دوای هێرشەکەی  دوێنێ شەو، سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەندین کونسوڵگەری وڵاتانی بیانی و لایەنی دیکەی کوردستانی و دەرەوە هێرشەکەی سەر پایتەختی کوردستانیان سەرکۆنە و ئیدانە کرد.