سەفین دزەیی پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری سودان لە عێراق کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئیبراهیم حەسەن، باڵیۆزی کۆماری سودان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا، وێڕای پرسە سیاسییەکان، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و دەرفەتەکانی پێشخستنی پەیوەندییە دوولایەنەکان بە گرنگییەوە باسی لێوەکرا و هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە لەئاییندەدا زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن. دەستەبەرکردنی ماف و ژینگەیەکی دۆستانە بۆ کۆمەڵگەی سودانی کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
لە کۆتاییدا، بەرپرسی فەرمانگە دوای بەخێرهاتنی شاندی میوان، خۆشحاڵی خۆیانی دەربڕی بەو سەردانەی باڵیۆز و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.