Skip to the content

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سیمینارێكی به‌ ناونیشانی "دیپلۆماسییەتی گشتی و میدیای نوێ" ڕێكخست

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامادەبوونی بەشێک لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەران له‌ فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سیمینارێک بە ناونیشانی "دیپلۆماسییەتی گشتی و میدیای نوێ" بۆ دەسته‌بژێرێك لە پسپۆڕانی کۆلێجی ئەڕستۆی یۆنانی بۆ ڕۆژنامەگەری و میدیای جەماوەری و ئەکادیمیای تێسالۆنیکی نێودەوڵەتی بۆ میدیا، بە یاوەریی ستاڤرۆس کیریمیس، کونسوڵی گشتی کۆماری یۆنان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بە بەشداری ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرا.
لە سیمینارەکەدا، سامان سۆرانی، بەرپرسی ناوەندی پێگەیاندنی دیپلۆماسی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خۆشحاڵی فەرمانگەی دەربڕی بە سەردانی ستافی پسپۆڕان بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ بەشکردن و گەیاندنی ئەو زانیاری و لێکۆڵینەوانەی دەربارەی دیپلۆماسییەت و میدیا بۆ دەوڵەمەندکردنی هەگبەی زانست و زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، ستاڤرۆس کیریمیس، کونسوڵی گشتی کۆماری یۆنان لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی و سوپاسگوزاری خۆیانی دەربڕی کە جارێکی دیکە لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ ستافێکی دیکەی یۆنانی جیاواز، ئامادەیە بە مەبەستی پێشکەشکردنی سیمینار بۆ بەرزکردنەوەی توانستی فەرمانبەران بە شێوەیەکی ئەکادیمییانە. پاشان، لە دوو تەوەری جیاوازدا، ستافی پسپۆڕان چەند پرێسنتەیشنێکیان لەسەر دیپلۆماسییەت و میدیای نوێدا پێشکەش کرد.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا، بواری پرسیارکردن و تێبینیدان لەلایەن ئامادەبووانەوە خرایەڕوو و بابەتەکە زیاتر دەوڵەمەند کرا. لە هەمانکانتدا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی کونسوڵی گشتی و کونسوڵگەری کۆماری یۆنانی لە هەرێمی کوردستان کرد و بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی بە ستافی پسپۆڕان بەخشی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانییاندا بۆ خواستن .