سەفین دزەیى پێشوازى له ژان ئهسيلبۆرن وهزيرى دهرهوهى لوكسهمبۆرگ كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٢ سەفین دزەیی بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشوازى لە ژان ئهسيلبۆرن وهزيرى دهرهوهى لوكسهمبۆرگ و کاروبارى ئەورووپا و شاندى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولاو ئاستى پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى یەکێتى ئەورووپا کرا. سەفین دزەیی ئاماژەى بە هەبوونى ١٤ نووسینگەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەرەوە کرد کە بەپێى دەستوورى عیراق ڕێگەدراوە هەرێمى کوردستان نوێنەرایەتى خۆى هەبێت. هاوکات ژمارەیەکى باش لە وڵاتانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى کونسوڵگەرى و نووسینگەى باڵیۆزخانەیان لە هەرێمى کوردستان هەیە کە ژمارەیان دەگاتە ٣٨ نێردە لەگەڵ بوونى نووسینگەى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکارى عێراق و ژمارەیەکى زۆرى ئاژانسى نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.
هەردوولا ئەم سەردانەیان بە دەرفەتێک زانى بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان لە بوارەکانى بازرگانى و ئابوورى و کەلتوورى و ڕۆشەنبیرى. هاوکات باسیان لە بارودۆخى سیاسى و ئابوورى عێراق و ناوچەکە کرد بەگشتى و بارودۆخى ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەشێکى ترى کۆبوونەوەکە بوو.
وهزيرى دهرهوهى لوكسهمبۆرگ، ستایشى پێشووەچوونەکانى هەرێمى کوردستانى کردو، پشتگيرى وڵاتهكهى لهگهڵ وڵاتانى ئهورووپا بۆ ههرێمى كوردستان و پرسى پێكهاتهكان و دۆخى ئێزدييان و ڕەوشى ئاوارەو پەنابەرانی دووپاتكردهوه.
پەیوەندییەکانى نێوان هەولێرو بەغدا و دوايين پێشهاتهكانى دۆخى سياسيى عيێراق و هەوڵەکان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار و پێکهێنانى حکومەت تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەى نێوان هەردوولا بوو .