سەفین دزەیی پێشوازیی لە باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ئایاری ٢٠٢٢ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە لوکاس گاسێر، باڵیۆزی سویسرا لە عێراق و ئوردن کرد، کە بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی لە عێراق و ئوردن سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و چەقبەستوویی سیاسی ناوچەکە، گفتوگۆی لەسەر کرا. لەهەمان کاتدا، دۆستایەتی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری فیدڕاڵی سویسرا تیشکی خرایە سەر و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە گرنگەوە لەلایەن هەردوولا هەڵسەنگێنرا.
لەکۆتاییدا، بەرپرسی فەرمانگە سوپاسی باڵیۆزی سویسرای کرد بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئەرکەکەی پێشکەشی عێراق و هەرێمی کوردستانی كردووه و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی ئاییندەیدا.