بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە نوێنەری (UNHCR) لە عێراق کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٩ی ئایاری ٢٠٢٢ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژۆن نیکۆڵاس، نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق (UNHCR) و شاندی یاوەری کرد.
لەدیدارەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە بارودۆخی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و جەختی لە دابینکردنی پێداویستییەکان و هاوکاری مرۆیی ئاوارە و پەنابەران و گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان کردەوە.
نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق (UNHCR)، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد بۆ هاریکاری و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ تیمەکانییان. هەروەها باسێکی کورتی لە پرۆژەکانی خۆیان پێشکەش کرد و ئامادەیی خۆیانی دەربڕی بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری زیاتر بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق.