Skip to the content

سه‌فین دزه‌یی پێشوازیی له‌ شاندێكی ئاژانسی په‌ره‌پێدان و هه‌ماهه‌نگیی ئیتاڵی كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 11ی ئایاری 2022 سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی ئاژانسی په‌ره‌پێدان و هه‌ماهه‌نگیی ئیتاڵی كرد كه‌ پێكهاتبوون له‌ ئیمیلیۆ كاباسینۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌ماهه‌نگی په‌ره‌پێدانی ئیتاڵی له‌ عه‌ممان، مۆنیكا پیسو، ڕێكخه‌ر بۆ ده‌ستپێشخه‌ری په‌ره‌پێدان له‌ عێراق، لاورا سیسینیلی، له‌ پڕۆگرامی یارمه‌تیدانی مرۆیی به‌ یاوه‌ری میشێل كامیرۆتا، كونسوڵی کۆماری ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان.
 
له‌دیدارەکە‌دا، گفتوگۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیتاڵیا كرا و ئاستی كار و هاوئاهه‌نگییه‌كان لە ڕابردوو و ئێستا به‌ گرنگ وه‌سف كرا. هاوکات باس له‌ دۆخی مرۆیی و ئاواره‌بوونی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵكی شه‌نگال كرا. بەرپرسی فەرمانگە، جه‌ختی له‌ پشتیوانی زیاتر بۆ كۆمه‌ڵگه‌كانی خانه‌خوێ و ئاواره ‌و په‌نابه‌ران كرده‌وه‌ بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان و هاوكاریكردنیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌لامه‌تی و شكۆوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیکەدا، ڕۆشنایی خرایەسەر‌ بارودۆخی گشتی هه‌رێم و عێراق و دۆخی ئاسایش و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پڕۆسه‌‌ی سیاسی له‌ عێراق.
شاندەکەی پوخته‌یه‌كیان له‌باره‌ی كار و پڕۆژه‌كانیان پێشكه‌ش كرد و خواستی هه‌ماهه‌نگییكردنیان له‌گه‌ڵ هه‌رێم خسته‌ڕوو به‌ تایبه‌ت له‌ بواره‌كانی كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی شوێنه‌واره‌ گرنگه‌ دێرینه‌كان و مێژووییه‌كان، هەروەها هه‌ماهه‌نگیی كار و پێشكه‌وتن له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌دا.
 
له‌ به‌رامبه‌ردا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم خۆشحاڵی و خواستی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی ده‌ربڕی بۆ به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و ئه‌نجامدانی كار و پڕۆژه‌ی به‌سوود له‌ هه‌رێم له‌ بواره‌ جیاجیاكان، لە هەمانکاتدا، سوپاسی هاوكاری و پشتیوانییه‌كانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی کۆماری ئیتاڵیای كرد بۆ هه‌رێمی كوردستان.