سەفین دزەیی لەگەڵ جێگری باڵیۆزی سوید لە عێراق کۆدەبێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فلێکس بێنسن، جێگری باڵیۆزی شانشینی سوید لە عێراق کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری باڵیۆزی سوید، باسی لەوەکرد کە ژمارەیەکی زۆری کورد لە وڵاتی سوید نیشتەجێن و ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە لە بوارە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە و باسیشا لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد و هیواشی خواست ئەو پەیوەندی و هاوئاهەنگییە زیاتر پەرەی پێبدرێت.
بەرپرسی فەرمانگە سوپاسی وڵاتی سویدی کرد بۆ لە خۆگرتنی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی کورد کە ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندییە دوولایەنەکان زیاتر بەرەوپێش بچن لە بواری ئابووری و زانستی و کەلتووری، هەروەها هەوڵدەدەین سوود لە ئەزموونی سەرکەوتوو و شارەزاییەکانی سوید وەربگرین کە بەدەستیان هێناوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەی بە مێژووی عێراق کرد و وتی دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراق، دەستووری عێراق ڕێگەی بە حکومەتدا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی و ئەجێندای تایبەت بە خۆی هەبێت لە بوارەکانی ئابووری و زانستی و کەلتووری و زۆر بابەتی دیکە کە ئەمەش بوو وایکرد کە دەنگی ئازارەکانی کوردستانییان بگاتە زۆرێک لە ناوەندەکانی بڕیار و دەوڵەتانی گەورە و پێشکەوتووی وەکو سوید.
لە تەوەرێکی دیکەدا بەرپرسی فەرمانگە تیشکی خستەسەر ئەو هێرشانەی کە بەم دواییە لە لایەن ئێران و تورکیاوە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، پێوەستە دەوڵەتانی دراوسێ بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانیان ڕوو لە هەرێمی کوردستان نەکەن و لۆمەی حکومەتی هەرێمیش نەکەن لەسەر ئەو کێشانە، ڕاستە هاووڵاتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم دەژین، بەڵام وەک هەمیشە هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە هیچ دەستێکی هەرێمی کوردستان لەو کێشە و گرفتانە نییە و ئەوەی وڵاتانی دراوسێ دەیکەن هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت و پێویستە ڕێز لە سەروەرییەکانیی هەرێمی کوردستان بگرن.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتن و ئەجێندای هاوبەش، چونکە ئەوەی لە بەغدا ڕوودەدات کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.