Skip to the content

هەرێمی کوردستان و ئیمارات پەرە بە پەیوەندی و هەماهەنگییەکان دەدەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د.جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە ئەحمەد ئەلزاهری، کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێم کرد. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە بارودۆخی هەرێم و ناوچەکە و ئەو بابەتانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێم کرد، جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ کات سەرچاوەی هەڕەشە و ناسەقامگیری نەبووە بۆ وڵاتانی دراوسێ. هاوکات تیشکی خستەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و پێشکەوتنی زیاتری ئەو پەیوەندییانە.
 
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری تیشکی خستەسەر پەیوەندی دۆستانە و هەماهەنگیی دوولایەنەی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و گەلی ئیمارات و نزیکیی هەردوو نەتەوە لەو شێوازە ڕاگەیاندنەی کە هەیە، وە خواستی بەرەوپێشبردنی ئاستی کار و هەماهەنگییەکانی نیشاندا لە پێناو سوود وەرگرتن لە شارەزایی و ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا لە داهاتوودا. 
 
لە بەرامبەردا، کونسولی گشتیی ئیمارات خۆشحاڵی و ڕەزامەندی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی ئاستی کارو هاریکاری و هاوئاهەنگییەکان و دووپاتی لە دۆستانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کردەوە.