Skip to the content

سەفین دزەیی لەگەڵ باڵیۆزی شانشینی نەرویج لە عێراق کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسپن لیندبەك، باڵیۆزی شانشینی نەرویج لە عێراق کۆبۆوە.
 
لە کۆبوونەوەکە، باڵیۆزی نەرویج خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاتنەوەی بۆ دووەمجار بۆ هەولێر و ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگە. ئاماژەی بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بەتایبەتی هەولێر و دەوروبەری کرد، هەروەها گرنگیی کاری جددی لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان. سەبارەت بە هەڵوێستی نەرویج، باڵیۆز خواستی وڵاتەکەی خستەڕوو کە دەیانەوێت عێراق  لە خۆشگوزەرانی دابێت وە خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە لە ئێستادا هەولێر و هەرێمی کوردستان گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
 
بەرپرسی فەرمانگە تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاماژەی بەوەکرد کە حکومەتی هەرێم بە نیازی دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێین لەگەڵ حکومەتی نوێی فیدڕاڵ و هیوامان وایە کە لێکتێگەیشتنی باش هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، زیاتر ووتی ‘ڕاستە ئێمە توانیومانە لەم بارودۆخەدا سەرکەوتووبین بەڵام ترسی ناسەقامگیری زۆر سەختە، لەجیاتی ئەوەی بیر لە بنیاتنان بکەینەوە بەداخەوە بیرمان لای ئەو دۆخەیە.’
 
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، بەرپرسی فەرمانگە باسی لە دۆخی سەخت و دژواری ئاوارە و پەنابەران کرد. سەبارەت بە پەنابەرانی ناوخۆیی بەڕێزیان ئاماژەی بەوەکرد کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاوکارێکی ئەوتۆی دۆخی ئەو پەنابەرانە نیە، ئەمە لەکاتێکدا کە حکومەتی هەرێم چەندین جار تەئکیدی لەوە کردۆتەوە کە پێویستە هاوکاری بکرێن و ئەو بەشە بودجە و هاوکارییەی کە بۆ پارێزگاکان دەچێت پێویستە لێرە پێیان بدرێت و ژیانیان بەڕێوە ببەن. 
 
زیاتر ووتی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناردنەوەی بە زۆری نیە، سەڕەڕای ئەو قەیران و کێشە و گرفتانەی کە هەن بەڵام دەرفەت و هەلی یەکسانی خوێندن و کارکردنیان لێرە پێدەدرێت. هەرچی سەبارەت بە بابەتی دەشتایی نەینەوایە، ئەوە زیاتر بابەتێکی سیاسییە لەبەر ئەوەی زۆرێک لە نەتەوە جیاجیاکان لەم ناوچەیە دەژین. 
 
سەبارەت بە دۆخی شەنگال، بەرپرسی فەرمانگە ئاماژەی بە دۆخی سەختی ئاوارەکان  و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال کرد کە بەداخەوە تاوەکو ئێستاش بەهۆی ئەو دۆخەی لە شەنگال هەیە ناتوانن بگەڕێنەوە زێدەکانیان. 
 
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، بەرپرسی فەرمانگە باسی لە پلان و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە لە ئێستادا ئەو غازەی بەرهەم دێت پێداویستی ناوخۆیی پڕ ناکاتەوە بەڵام لە داهاتوودا ئەگەر بارودۆخ گونجاو بوو ئەوا هەناردەی دەرەوەی دەکەن.