Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سونگ سوو چۆی، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.

لە دیدارەکە، گفتوگۆ و بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی و ئاسایش و ئەمنی و مەترسییەکانی تیرۆر لە ناوچەکە و پرسەکانی جێگای بایەخی هاوبەشیان کرد و تیشکخرایە سەر دۆستایەتی ڕاستەقینە و پتەوی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و کۆریای باشوور.

بەرپرسی فەرمانگە جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە دوولایەنەکان لەگەڵ کۆریای باشوور لە بوارە جیاجیاکان. هاوکات سوپاسی کردن بۆ بەشداری کارایان لە پڕۆسەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستاندا.

لە بەرامبەردا، باڵیۆز خۆشحاڵی خۆی بەم دیدار و کۆبوونەوەیە دەربڕی و پووختەیەکی لەبارەی کار و پڕۆژەکانیان خستەڕوو. وە دووپات لە پەیوەندی بەهێزی دوولایەنە و پێشخستنی زیاتری هەماهەنگییەکانی داهاتوو لە بواری ئاڵوگۆڕی کەلتووری و دیپلۆماسیی و بەرنامە و ڕاهێنانەکانی پەرەپێدان کرایەوە.