Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازی لە کونسوڵى گشتیى یۆنان و شاندێکى شوێنەوارناسی کرد

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٨ى تشرینى دووەمی ٢٠٢٢ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە د.ستاڤرۆس کیریمیس، کونسوڵى گشتیی یۆنان و شاندێکى شارەزا لە بوارى شوێنەوارناسی کرد. 
لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر پەیوەندى دۆستانەى نێوان ووڵاتى یۆنان و هەرێمى کوردستان و  بەرپرسی فەرمانگە هیواى بەرەو پێشبردنى ئەو پەیوەندیانەى خواست لە بوارە جیاوازەکان و هاوکات ئاماژەى بە گرنگى هاتنى ئەو شاندە کرد لە بوارى شوێنەوارناسی بەهۆى بوونى چەندین شوێنەوار لە هەرێمى کوردستان کە تاکو ئێستا لێکۆڵینەوەى بۆ نەکراوە. 

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵى گشتى سوپاسی پشتگیرى و هاوکارى حکومەتى هەرێمى کرد بۆ ڕەخساندنى دەرفەت بە شارەزایان و شوێنەوارناسان و ئامادەیی دەربڕى بۆ ئاڵوگۆڕى شاندى دوو لایەنە لە نێوان هەردوولا بۆ وەرگرتنى ئەزموون و شارەزایی. 

هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە پڕۆژەى کردنەوەى ماڵى یۆنانى کرا لە سەر قەڵاى هەولێر و ئەم دەستپیشخەریە بە هەنگاوێکى گرنگ دانرا بۆ ئەنجامدانى پڕۆژەى زیاتر لە بوارى شوێنەوارناسی.