Skip to the content

وەزیری بەرگری هۆڵەندا پاڵپشتى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان دوپاتکردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازى لە کایسا ئۆڵنگرن، وه‌زيرى به‌رگرى هۆڵەندا و شاندێکى باڵاى سەربازى و دیپلۆماسى ئەو وڵاتە کرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کە دابان شەدەڵە، جێگرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەبوو، دوايين پێشهاته‌كانى گۆڕەپانى سیاسى و ئەمنى و شه‌ڕى دژى تيرۆر له‌ عێراق و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش تاوتوێ كرا و هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی كه‌ داعش هێشتا له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ و جيهانيش مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌‌ و هێشتا پشتگيرى و هاريكاريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و له‌ناوبردنى، پێويسته‌.

سەفین دزەیی، باسى لە بایەخى پتەوکردنى پەیوەندییە دووقۆڵیەکان لەگەڵ هۆڵەنداو پتەوکردنى زیاترى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانى و کەلتووریەکانى نێوان هەردوولا کرد و سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى هۆڵەندا و پشتگيريكردنى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا دووپات كرده‌وه‌ و هاوكارييه‌ سه‌ربازييه‌كانى هۆڵەنداى به‌رز نرخاند، به‌تايبه‌تيش ئاماژه‌ى به‌ بوونى راوێژكاران و تيمه‌كانيان و مه‌شقكردن و راهێنانيان به‌ پێشمه‌رگه كرد. 

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە بۆ ناوچەکە و دەخوازین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سوودی دوولایەنەو ڕێز گرتن لە پاراستنی سەروەری یەکتر بێت.

چاكسازى و هه‌نگاوه‌كان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دۆخى ئه‌منيى عيراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر خاکی هەرێم و بەزاندنی سەروەری خاکی عیراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ لە کۆبوونەوەکە باسکراون.

جێگەى باسە لە ساڵی ٢٠١٢ هۆڵەندا کونسوڵگەری خۆی لە هەرێمی کوردستان کردەوە ، هەر لەو کاتەوە پەیوەندی نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینى هۆڵەندا پەرەی سەند و بەردەوام بوو. هەمیشە لە دیدار و سەردانەکاندا باس لەبەردەوامی پاڵپشتی حکومەتی هۆڵەندا دەکرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی سەربازی و بازرگانی و وەبەرهێنان و ئاسایش و هاوکارى کردنى ئاوارەو پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێم و ڕوبەڕوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و چەند بابەتێکی دیکە.