سەفین دزەیی لەگەڵ بەرپرسی نوێی رێکخراوى خاچی سوری نێودەوڵەتی کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD)- سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە ئانا کاپرین جیسیکا هالفورد بەرپرسی نوێی رێکخراوى خاچی سوری نێودەوڵەتی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی نوێی رێکخراوى خاچی سوری نێودەوڵەتی خۆشحاڵى خۆى نیشاندا کە لە هەرێمى کوردستان ئەرکەکانى جێبەجێ دەکات، سوپاسی دامەزراوەکانى حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاری کردنیان لە بەڕیوەچوونى کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان و هەروەها باسی لە پرۆژەی و کاروچالاکی خۆیان کرد بۆ باشترکردنى بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.
سەفین دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە بەرپرسی نوێی رێکخراوى خاچی سوری نێودەوڵەتی کردو هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هاوکات ئامادەیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى خستەڕوو بۆ هاوکارى هەماهەنگى لە پێناو سەرخستنى کارەکانیان. بەڕێزیان پوختەیەکی لەسەر بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و بارودۆخی کەمپەکان پێشکەشکرد و جەختی کردەوە کە رێکخراوە مرۆییەکان پێویستە هاوکاری زیاتر پێشکەش بە ئاوارەو پەنابەران بکەن چونکە لە بارودۆخێکى دژوارن.