ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتی کۆریا لە هەولێر بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئێوارەى رۆژى چوارشەممە، ڕیکەوتنی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونى نوێنەرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم و کونسوڵى گشتیی کۆریا لە هەرێم و جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیر و دیپلۆماتکار و ئەندامانى پەرلەمان و ژمارەیەکى زۆرى میوانان، کونسوڵگەریی گشتیی کۆریا، ئاهەنگى رۆژى نیشتیمانیی وڵاتەکەى لە هەولێرى پایتەخت ئەنجام دا.
لە ڕێورەسمەکەدا رێبەر ئەحمەد، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە وەکالەت، بەناوى گەل و حکوومەتى هەرێم پیرۆزبایی لە گەل و حکوومەتى کۆریا کرد، بە بۆنەى ڕۆژى نیشتمانیی ئەو وڵاتە.
دەقى گوتارەکەى رێبەر ئەحمەد، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە وەکالەت ئەمەی خوارەوە بوو:
ميوانانى بەڕێز
خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ دۆستانى کۆری لە هەرێمى کوردستان و لە سەرانسەری جیهان بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانی کۆماری کۆریا لێرەین. ڕێگەم بدەن بەناوی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی دڵسۆزانەمان ئاراستەی گەل و حکوومەتی کۆماری کۆریا بکەم لەم ڕۆژە مێژووییەدا.
ئەم بۆنەیە پەیوەستە بە رایەڵەى پەیوەندییەکانى هەرێمی کوردستان و کۆماری کۆریا، کە بە هاتنى تیمی زەیتونی سوپای کۆریا بۆ هەولێر، دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام دەستىپێکرد.
تیمی زەیتون ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە ئاشتیپارێزی و ئەرکەکانی دیکەی پەیوەست بە ئاوەدانکردنەوە، هەروەها بەشداریکردنی کۆریای باشوور لە ڕزگارکردنی عێراق لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری.
ئەم پەیوەندییانە زیاتر بەهێزتر بوون بەهۆی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەلى دۆست، ئێمە بووینەتە هاوڕێ و هاوبەشی نزیک لە ژێر دروشمی "ئێمە هاوڕێی ئێوەین"، بەڕاستی ئێمە هاوڕێین و سەلماندوومانە.
ئێمە پێکەوە کارمان کردووە بۆ بنیاتنانەوەی و هاوبەشی پابەندبوونێکی نەگۆڕ بە دیموکراسی، سەروەریی یاسا، سەقامگیریی ناوچەیی، و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەنگاوی پتەو کە هاوبەشیی ستراتیژیمان زیاتر قووڵتر دەکاتەوە.
میوانانی خۆشەویست...
جگە لە بەشدارییە سەربازییەکانی، حکومەتی کۆریا لە ڕێگەی دەزگاکانییەوە، هاوکاری و پڕۆژەی بەخشندەی پێشکەش بە هەرێمى کوردستان کردووە، کە دیارترینیان ئاژانسى KOICAی کۆری بوو لە بوارەکانى حکوومەتی ئەلیکترۆنی، کەرتەکانی پەروەردە و تەندرووستی، دابینکردنی سەرچاوەی ئاو، یارمەتی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران و بنیاتنانی توانای مرۆیی بە ناردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی حکوومەتی هەرێم بۆ کۆریا بۆ بەشداریکردن لە چەندین خول و سیمیناری جیاوازی ڕاهێنان.
ههروهها ڕهخساندنی دهرفهتی خوێندن بۆ قوتابیان و فهرمانبهران، ئهمهش دهركهوتنی ئهو ڕاستیهیه كه كۆریا خۆی به دۆستی ڕاستهقینهی خهڵك و حكوومهتی ههرێمی كوردستان دهزانێت.
لە بوارى وەبەرهێنانیش کۆمپانیا کۆرییەکان لە هەرێمى کوردستان پڕۆژەى بەرچاویان هەبوو لە سێکتەرى وزە و پرۆژە ستراتیژییەکان کە بە هەنگاوێک دادەنرێت بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوتربوونی پەیوەندیی هاوبەشی نێوان کۆریا و هەرێمى کوردستان.
لە کۆتاییدا دووبارە بەناوی خۆم و حکوومەت و گەلی کوردستان، بە بۆنەى رۆژى نیشتمانى ئەو وڵاتە، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەل و حکوومەتى کۆریا دەکەم.