کونسوڵى تازەی کۆمارى ڕووسیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوکاری و هەماهەنگی دەکات
هەولێر، هەرێمى کوردستان، (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێم، پێشوازى لە ماکسیم رۆبن، کونسوڵى گشتیی کۆمارى ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کونسوڵى گشتیی ڕووسیا خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى بۆ نوێنەرایەتیکردنى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان، کە بە مەبەستى خۆناساندن سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کردبوو.
کونسوڵ خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە پیشان دا.
لە بەرامبەردا سەفین دزەیى، بە بۆنەى دەستبەکاربوونى وەکو کونسوڵى گشتیی کۆمارى رووسیایى فیدراڵ لە هەرێمى کوردستان، پیرۆزبایی لێ کرد و ئاماژەى بە پەیوەندیی میژوویى و دۆستانەى هەرێمى کوردستان و ڕووسیا کرد.
هەروەها ئامادەیى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و حکوومەتى هەرێمى خستەڕوو، بۆ هاوکارى و هەماهەنگیکردن بە مەبەستى سەرخستنى کارەکانیان.
لە تەوەرەیەکى ترى کۆبوونەکەدا، هەردوولا تیشکیان خستە سەر بارودۆخى سیاسیی عیراق و ناوچەکە.