بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە (بەوەکالەت) لهگهڵ بەرپرسى نوێی نووسینگەى بازرگانى باڵیۆزخانەى بولگاریا لە هەولێر كۆبۆوه
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئهمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ ڕێبەر ئەحمەد، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) پێشوازى لە ڤاسیل ڤاسیلیڤ، بەرپرسى پێشووی نووسینگەى بازرگانى و ئابوورى باڵیۆزخانەى بولگاریا لە هەرێمى کوردستان و ستانیسلاڤ نۆکۆڤ، بەرپرسى نوێى نووسینگەکە کرد.
لە کۆبوونەوهکەدا، تیشکخرایە سەر بارودۆخى سیاسى عێراق و ناوچەکە و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانیان تاوتوێکرد و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
بەرپرسی پێشوو سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد لە ماوەى مانەوەى لە هەرێمى کوردستان و ئاماژەیدا کە زۆر میواندۆستانە پێشوازى لێکراوە و دۆستایەتى باشى دروستکردووە. لە هەمانکاتدا، هیواى خواست لە داهاتوودا بتوانێ سەردانى هەرێمى کوردستان بکاتەوە.
بەرپرسى فەرمانگە (بە وەکالەت) هیواى سەرکەوتنى بۆ بەرپرسی پێشوو خواست لە ئەرکەکانى داهاتووى و سوپاس و پێزانینى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەی پێگەیاند بۆ بەهێزترکردنى پەیوەندییە ئابوورى و بازرگانییەکان لە نێوان هەرێمى کوردستان و بولگاریا. هەروەها جەختیکردەوە کە هەمان هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ جێگرەوەکەى دەکرێت.