حکومەتی ئەمریکا جەخت لە پشتیوانی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە
ڕۆژى سێشەممە، ڕێکەوتى ٤ى نیسانی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە شاندێکى باڵای حکومەتى ئەمەریکا کرد کە زەهرا بێڵ، جێگرى کونسوڵى گشتیی ئەمریکا لە هەرێم یاوەریى شاندەکەی دەکرد و پێکهاتبوون لە نوێنەرانى هەریەک لە وەزارەتى دەرەوە و کۆشکى سپى و ئەنجوومەنى ئاسایشى ئەمەریکا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسێکی گشتی لەبارەی بارودۆخ و پێشهات و ڕووبەڕووبوونەوەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد و سیاسەت و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی لەمەڕ پرسەکان خستە ڕوو.
شاندی حکومەتی ئەمەریکا جەختیان لەسەر بایەخی پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکان کردەوە. هاوکات ویستی وڵاتەکەیان خستە ڕوو بۆ پەیوەندییەکی بەردەوام لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لەپێناو بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی هاوبەشی ستراتیژی.
هەردوولا پێشوازییان لە دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوانیان.