Skip to the content

سەفین دزەیی فەرمانى دامەزراندنى ڕادەستى نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ ى ئابی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمی کوردستان، فەرمانى دامەزراندنى وەک نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا، ڕادەستى دارەوان حامید غەفار کرد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە دابان شەدەڵە، جێگرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادە بوو، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە گوتى: "لە چوارچێوەى ئەو گۆڕانکارییانەى بۆ زیاتر پێشخستنى ئاستى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکرێن، ئەمڕۆ دارەوان حامید، ئەرکى نوێنەرى حکومەتى هەرێمى لە ئیسپانیا پێ سپێردرا."

سەفین دەزیی، پیرۆزبایی لە نوێنەرى تازەى حکومەتى هەرێم لە ئیسپانیا کرد و هیواى خواست لە ئەرکەکەى لە پێناو بەرژەوەندییەکانى گەلى کوردستان سەرکەوتوو بێت. هاوکات پشتگیرىی تەواوى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى بۆ سەرخستنى کارەکانى لە وڵاتى ئیسپانیا خستە ڕوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٤ وڵاتی جیهان نوێنەرایەتیی هەیە، ماوەیەکی زۆر بوو بە هۆی دەستبەکاربوونى دابان شەدەڵە وەک جێگرى بەرپرسى فەرمانگە ئەو پۆستە بە بەتاڵی مابووەوە.