سەفین دزەیی پێشوازى لە شاندێکى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقی کرد
ڕۆژی سێشەممە ٨ی ئابی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە هاوڕێ ئیحسان، سەرۆکى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى_ لقەکانى هەرێمى کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى_ لقەکانى هەرێمى کوردستان پوختەیەکى لەسەر کارو چالاکى و بەرنامەکانیان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش کرد و پڕۆژە هەمیشەیی و درێژخایەنەکانى خستەڕوو.
هاوڕێ ئیحسان سوپاسى دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى هەرێمى کوردستانى کرد کە هەمیشە هاوکارو هەماهەنگکار بوون بۆ سەرخستنى کارەکانیان لە هەرێمى کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا سەرۆکى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى_ لقەکانى هەرێمى کوردستان باسى لە بەهاناچوونى لێقەوماوانى بوومەلەرزەکەى تورکیا و سوریا کرد لە چوارچێوەى تیمى فریاگوزارى هەرێمى کوردستان کە وەک یەکەمین تیمى فریاگوزارى گەیشتنە شوێنى ڕووداوەکە و بەهاناى زیانلێکەوتووان چوون.
سەفین دزەیی، وێڕاى سوپاس و دەستخۆشى باسى لەو ڕووداو و نەهامەتیانە کرد کە بەسەر گەلى کوردستان و گەلانى ناوچەکەدا هاتوون و بوونى ئەو ڕێکخراو و دەزگا مرۆییانەی بە گرینگ و بە بایەخ وەسف کرد.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتی هەرێم هیواى خواست بتوانن سوود لە تەکنۆلۆژیا و تەکنیکی پێشکەوتوو وەربگرن بۆ کەمکردنەوەى زیانى هەر ڕووداوو کارەساتێکى چاوەڕوان نەکراو.
هاوکات وەک ڕێزلێنان و سوپاسگوزاریەک بۆ ئەو هەوڵ و ئەرکە سەختەى تیمى فریاگوزارى هەرێمى کوردستان ئەنجامیاندا لە کاتى زەمین لەرزەکەى هەردوو وڵاتى تورکیا و سوریا، سەفین دزەیی دیارییەک و سوپاسنامەیەکى پێشکەش بە شاندى کۆمەڵەى مانگى سوورى عێراقى لقەکانى هەرێمى کوردستان کرد و ڕایگەیاند ''هەرچەندە کاتەکە تێپەڕى، بەڵام ئەوەى ئێوە کردتان بە ئاسانى لەبیرو هزرى هیچ تاکێک ناچێتەوە و دەبێتە بەشێک لە مێژووى پڕ شانازى گەلەکەمان.''