Skip to the content

بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەت لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێم کۆ بووەوە

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ ى ئابی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەت، پێشوازیی لە د.تۆرکیڵد بایگ، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێم کرد.

سەرەتای کۆبوونەوەکە تۆرکیڵد بایگ، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دەرفەتە بۆ ئەوەی بتوانن سەبارەت بە چەند پرسێکی ئێستای هەرێمى کوردستان و عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ بکەن.

لە کۆبوونەوەکە باس لە ڕووداوى سووتاندنى قورئانى پیرۆز لە وڵاتى سوید و لێکەوتەکان و کاردانەوەکان کرا. بەڕێزیان ئاماژەی بەوە دا: "یەکێتیی ئەورووپا ڕێوشوێنی گرتۆتەبەر و کار لەسەر ئەم پرسە دەکات."
لەمبارەیەوە سەفین دزەیی، ئاماژەی بەوە دا "پرسی ئایینی و ئاسایشی نەتەوەیی یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی هەر نەتەوەیەک و دەبێت بە گرنگییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و جیاوازیشی هەیە لەگەڵ ئازادیی ڕادەربڕین."

لە لایەکی دیکەوە پرسی حکومەتی عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەل هەرێمى کوردستان و وڵاتانی دەوروبەر قسەی لەسەر کرا. بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئاماژەی بەوە دا حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی عێراقی ئەنجامی داون سەبارەت بە پرسی بودجە و نەوت.

د.تۆرکیڵد بایگ، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێم ئاماژەی بەوە دا "یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت کار لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عێراق بکات و ئامادەییی ئەوەی دەربڕی یەکێتیی ئەورووپا هاوکار دەبێت." هەروەها سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد "خۆشحاڵ دەبێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرەو پێش ببەن."