بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کۆ بووەوە
ڕۆژی یەکشممە، ٢٠ ی ٨ ی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازیی لە پراشانت پیسێ، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە مادان گۆپال، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و ڕوودا و پێشهاتەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا. ڕۆشنایی خرایە سەر ئاستی پەیوەندییە دوولایەنەکان و هەوڵ و دەرفەتەکانی پیشخستنی زیاتر لە بوارە جیاجیاکاندا کە لە سوود و بەرژەوەندیی هەردوولا بێت.
سەفین دزەیی تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان. هاوکات خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوو لایە.
باڵیۆزی هیندستان سوپاسی پێشوازی و کۆبوونەوەی کرد و دووپاتی لە خواست و ویستی وڵاتەکەی کردەوە بۆ کار و هەماهەنگیی زیاتر، هەروەها پێگەی هەرێمی کوردستانی لە ڕووی سەقامگیری و ئاسایش و ئاوەدانی لە ناوچەکەدا بەرز نرخاند.