بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیی لە بەرپرسى کۆمیتەى خاچى سوورى نێودەوڵەتى کرد
ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ئابی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، پێشوازیی لە ئانا هالفۆرد، بەرپرسى کۆمیتەى خاچى سوورى نێودەوڵەتى کرد و باسیان لە ئەرک و کارەکانى ڕێکخراوى ناوبراو کرد لەو بوارانەى جێگەى بایەخى هەرێمى کوردستانە، بە تایبەت باشترکردنى گوزەرانى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێم.
ئانا هالفۆرد، وێڕاى پێشکەشکردنى پوختەیەک لەسەر بەرنامە و پلانەکانیان لە هەرێم، سوپاسی دامەزراوەکانى حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاوکاریکردنى بەردەوامیان لە جێبەجێکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان لە پێناو باشترکردنى بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران و پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، سوپاسی کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد بۆ کار و چالاکییەکانیان و هەروەها بۆختەیەکی لەسەر بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و جەختی لە هاوکاریی زیاتر کردەوە، هاوکات ئامادەییی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى خستە ڕوو بۆ هاوکارى و هەماهەنگى لە پێناو سەرخستنى کارەکانیان لە هەرێم.