حكومه‌تی هه‌رێم و به‌ریتانیا یادداشتی لێكتێگه‌یشتن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوانی ڕێكخراو واژوو ده‌كه‌ن
![](/media/21734/369888585_861269938690255_3734117469215996813_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133373415280000000)
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا، یادداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوانی ڕێكخراو و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان واژوو كرد.
ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٣، هه‌ریه‌ك له ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆ و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیان لە ""تۆم توگنهات" وەزیری ئاسایشی بەریتانیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پێشخستنی پەیوەندییەکان و هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری هه‌ردوولا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و پاراستنی هاووڵاتیان كرا.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری و ڕاهێنان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لە نێوان هەردوو حکومەتدا واژوو کرد.
یادداشته‌كه ده‌بێته به‌شێكی گرنگ له په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامی نێوان هه‌ولێر و له‌نده‌ن بۆ مه‌به‌ستی پێكه‌وه‌كاركردنی زیاتر له پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و تاوانه ڕێكخراوانه‌ی سنووره‌كان ده‌بڕن و ده‌بنه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان.
به گوێره‌ی یادداشته‌كه، هه‌ریه‌ك له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا، به‌یه‌كه‌وه کاردەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و گه‌شه‌پێدانی تواناكان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تاوانه ڕێكخراوه‌كان و فراوانتركردنی بازنه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانیان له‌و ڕووه‌وه.