Skip to the content

سەفین دزەیی لەگەڵ باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق و شاندێکی بازرگانی و وەبەرهێنی ئەو وڵاتە کۆبووەوه‌

رۆژی سێشه‌ممه ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٣، سه‌فین دزه‌یی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ محه‌مه‌د فه‌زڵولباری، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق و شاندێکی کۆمپانیا و بازرگانانی بەنگلادیش کرد، كه‌ بە سەرۆکایەتی فاروق حه‌سن سەرۆکی دەزگای (BGMEA) سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختیان كردبوو.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، باڵیۆزی بەنگلادیش لە عێراق، خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەكانی هه‌ردوولا ده‌ربڕی، به‌ تایبه‌تی له‌ بواره‌كانی بازرگانی، ده‌ستی كار و پێشخستنی هه‌ماهه‌نگی زیاتری به‌نگلادیش له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا.

له‌و باره‌یه‌وه‌، ‏سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، تیشکی خستەسەر گرنگی كه‌رتی بازرگانی و پیشه‌سازی و هیوای خواست هه‌رێمی كوردستان سوودمه‌ند بێت له‌ ئه‌زموونی پیشه‌سازی و كاری كارگه‌ و كۆمپانیا ئابوورییه‌كانی به‌نگلادیش.

هه‌روه‌ها  له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌فین دزه‌یی، خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولایە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، پرسە هەنووکەییەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ كران.