Skip to the content

سەفین دزەیی لەگەڵ شاندێکی دادگای سەربازیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بووەوە

ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، لەگەڵ شاندێکی دادگای سەربازیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بووەوە کە پێک هاتبوون لە دادوەر دادیار حەمید، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوەی سەربازی و دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی دادگای سەربازیی یەک.

شاندی دادگای سەربازی، پوختەیەکیان لەسەر شێوازی کارکردن و ئەرکەکانیان خستە ڕوو؛ ئاماژەیان بە گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرد لە پێناو پێشخستنی سیستەمی دادەوەری لە هەرێمی کوردستان، ئەویش بە کردنەوەی خولی پەرەپێدانی تواناکان بۆ دادوەران لەسەر ئاستی جیهانی بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای یاسا و پرەنسیپەکانی پەیوەست بە دادگای سەربازی بن.

سەفین دزەیی، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، پشتگیریی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ پێشخستنی سیستەمی دادوەریی سەربازی و مەدەنی لە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و گوتی "پێشتر لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوکار بووین بۆ کردنەوەی چەندین خول بۆ دادوەرانی بەڕێز. لە هەوڵەکانیشمان بەردەوام دەبین بە هەماهەنگیی هەموو لایەک، خولی پێشکەوتوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ بەڕێزان لە دادگای سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە دابین بکەین."

هەردوو لا کۆک بوون لە پێناو بەهێزکردنی سیستەمی دادوەری و بە دامەزراوەییکردنی تەواوی ئەو دامەزراوانەی پەیوەستن بە مافەکانی مرۆڤ و مافی تاک و ڕێگریکردن لە تاوان و ماددەی هۆشبەر، پێویستیی بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە، بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو.