Skip to the content

هەرێمی کوردستان و هەنگاریا پەیوەندییەکانیان بەهێزتر بووە

ڕۆژی ٧ی ئابی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازیی لە ئەتیلا تۆت، کونسوڵى گشتیی هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و هەنگاریا کرا و بەرپرسی فەرمانگە بە ناوى حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى کە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و هەنگاریا لە ئاستێکى بەرزدایە، بە تایبەت دواى سەردانى سەرۆکى هەنگاریا بۆ هەرێمى کوردستان لە کانوونى یەکەمى ساڵى ڕابردوو.

کونسوڵکارى گشتیی هەنگاریا، ئاماژەى بەوە دا "حکومەتى هەنگاریا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی هەرێمى کوردستان و هەوڵى پتەوبوون و فراوانکردنى زیاترى پەیوەندییەکان دەدەن، بە تایبەت لە بوارەکانى ئابووریدا."

باسکردن لە هەنگاوەکانى بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکان لە سەر ئاستە جیاوازەکانى ئابوورى و کولتوورى و زانستى، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو کە هەردوو لا جەختیان لە گرنگیی ئەم جۆرە پەیوەندییانە کردەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخى سیاسیی عێراق و هەرێمى کوردستان و هەڵبژاردنەکانى داهاتووى هەرێم کرا.