Skip to the content

کونسوڵکاری گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد

ڕۆژی  یەکشەممە، ٢٠ ى ئابی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، پێشوازیی لە مارک سترۆ، کونسوڵکاری گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە خاتوو زەهرا، جێگری کونسوڵی گشتی و نۆوا ودیویس، بەرپرسی بەشی سیاسی لە کونسوڵگەریی گشتیی ئەمەریکا ئامادە بوون، سەفین دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی گشتیی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. 
بەڕێزیان ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی خستە ڕوو بۆ سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێم لە پێناو سوود و بەرژەوەندیی هەردوولا.

بەڕێزیان باسی دوایین سەردانی خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد کە چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و کۆنگرێس ئەنجام دا لە پێناو خستنەڕووی تێڕوانینی حکومەتی هەرێم لەمەڕ پرسەکان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان.
 
هاوکات پوختەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و سیاسەتی حکومەتی هەرێم لەمەڕ پرسە هەنووکەییەکان خستە ڕوو.

کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا، سوپاسی سەفین دزەیی کرد و ئاماژەی بەوە دا "بەرنامەی کاری بریتییە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکان. هەروەها گوتیشی کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا."