Skip to the content

سەفین دزەیی پێشوازى لە کونسوڵى گشتى قەتەر و شاندێکى وەزارەتى ژینگەى قەتەر کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازى لە حسین على الفضالة، کونسوڵى گشتى قەتەر لە هەرێمى کوردستان و شاندێکى وەزارەتى ژینگە و گۆڕانى کەشوهەواى قەتەر کرد.
 
شاندەکە پێکهاتبوون لە حمد یعقوب الرمیحى، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى نووسینگەى پارێزگارىکردنى دەرەوە و محمد على المهندی، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى نووسینگەى پارێزگارىکردن بۆ کاروبارى هونەرى.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندى میوان سوپاسی حکومەتى هەرێم و دام و دەزگاکانیان کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و تیشکیان خستە سەر ئەو کۆبوونەوانەى کە ئەنجامیان داوە. دواتر باسیان لە پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانیان کرد لە هەرێمى کوردستان لە بوارى ژینگە و پاراستنى ئاژەڵ و ئەو جۆرە باڵندانەى مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە. 

لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوە بەناوى حکومەتى هەرێم دەستخۆشی و سوپاسی شاندى ناوبراوى کرد بۆ جێبەجێ کردنى هەر پرۆژەیەک کە دەبێتە هۆى پاراستنى ژینگە و پشتگیرى تەواوى حکومەتى هەرێمى کوردستانى دەربڕى بۆ شاندى ناوبراو و ئاماژەى بەوەدا کە ئەم هەنگاوانە دەبنە مایەی زیاتر بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ووڵاتى قەتەڕ. 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەى بەوەدا کە بابەتى گۆڕانى کەشوهەوا و پاراستنى ژینگە بۆتە پرسێکى جیهانى، بۆیە هاوکارى و هەماهەنگى هەمەلایەنەى پێویستە بۆ ڕوبەڕووبوونەوە و هاوکات ئەنجامدانى هەر جۆرە پڕۆژەیەکى ژینگە پارێزى جێگاى سوپاس و پێزانینە.