Skip to the content

باڵیۆزخانەى رۆمانیا لە عێراق یادى رۆژى نیشتمانى وڵاتەکەى لە هەولێر کردەوە

بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان و رادو ئۆکتاڤیان دۆبری، باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق و ژمارەیەک لە وەزیر و دیپلۆماتکارو نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و بەرپرسان، باڵیۆزخانەى رۆمانیا لە عێراق یادى رۆژى نیشتمانى وڵاتەکەى لە هەولێر کردەوە.

لە رێوڕەسمەکەدا باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراق رایگەیاند'' پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشە و گفتوگۆ دەربارەی گەشەسەندنی هەماهەنگییەکانمان لە چەند بوارێک دەکەین، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە دۆخی ئابووری لەسەر ئاستی ناوچەکە.''
باڵیۆزی رۆمانیا راشیگەیاند: ''چاومان لەوەیە لە رووی بازرگانییەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشتر بکەین، بڕوام وایە ئێستا هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ چەند بەشێکی دیکەی عێراق پێگەیەکی باشتری هەیە و ئەمەشی سوودی زۆری بۆ گەشەکردن هەیە.''

دواتر سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مێژووییەى لە گەل و حکومەتی ڕۆمانیا کرد و رایگەیاند:'' خۆشحاڵین کە بەشداری ئەم ئاهەنگە دەکەین و سوپاسى هاوکاری و دەربڕینی پرسەکەتان دەکەین بەهۆی ڕووداوە تراژیدیاکەی ئاگرکەوتنەوە ئەم چەند ڕۆژەی شاری سۆران کە ١٤ کەس بوونە قوربانی. بە داخەوە ڕووداوێکی تراژیدی بوو سوپاس بۆ دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی ئێوە.''
 
دزەیی راشیگەیاند:'' شانازی بەو پەیوەندییە کلتورییەوە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆمانیا دامانمەزراندووە. لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا ڕۆمانیا وێستگە و جێگەی خوێندنی ژمارەکی زۆر لە قوتابیانی کورد بووە و دەمەوێت سوپاسی ئەو میواندارییەی ڕۆمانیا بکەم کە لەو قوتابیانەی کردووە، کە هەندێکیان توانیوویانە لە پێشکەوتنی کوردستان بەشدار بن و هەندێکیشیان جێگە و پێگە و پلەیان هەم لە کەرتی تایبەت و هەم لە کەرتی حکومی دا هەیە. ''
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەرەی زیاتر بە هاوبەشی و دۆستایەتی لەگەڵ رۆمانیا بدات و زیاتر بەرە و پێشی ببات و بگەیێنێە ئاستێکی فراوانی پەیوەندییەکان، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە و خوێندن و چالاکی کلتووری و بارزگانی و دامەزراوە فەرمییەکان لەگەڵ یەکتر.''

پەیوەندی ئێستامان لەگەڵ بەغداد، لەگەڵ بەڕێز سودانی باشە و لە گفتوگۆ و دیالۆگەکانمان لەسەر هەندێک لە پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوام دەبین، بە تایبەتی پرسە داراییەکان کە بەڕاستی بە سەختی زیانی بە هاوڵاتیانی کوردستان گەیاندووە. شاندی تازەمان بۆ بەغدا ناردووە و توانیوومانە هەموو بەڵگە و داواکارییانە دەستبەر بکەین کە حکومەتی ناوەندی داوای لێکردووین، بەڵام هێشتا کێشەکان هەر بە هەڵواسراوەیی ماونەتەوە و خەڵکی کوردستانیش هێشتا بە دەست ئەم کێشانەوە دەناڵێنن.

ئێمە لە کورستان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی کۆمەڵگە و نەتەوە جیاوازەکانمان  نیشانداوە. لەبەرئەوە گرنگە ئەمە بەردەوام بێت و کوردستانیش پەناگە بووە بۆ هەموو کەسانەی کە لە ترسی چەوسانەوە ڕایانکردووە، ئێمە شانازیی بەوەوە دەکەین و بەردەوام دەبین. حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان سورن لەسەر سیاسەتی پێکەوە ژیان و تەبایی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکان.